مانای "جوڵەی سەر پۆست" چییە؟
ئەم ژمارەیەی لێرەدا دەیبینیت پێی دەوترێت "کۆی گشتیی جوڵەی سەر پۆست"، کە زۆر فراوانترە لە تەنها ڵایک و کۆمێنت. لە جیهانی مارکێتینگی سەردەمدا، جوڵەی خەڵک بۆ سەر پۆستەکان دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە:
جوڵەی ئاشکرا:
ئەمانە بریتین لە ڵایک، کۆمێنت، و شەیر. ئەمە ئەو بەشەیە کە هەمووان بە چاو دەیبینن.
جوڵەی شاراوە:
ئەمە ئەو جوڵە گرنگانەن کە تەنها سیستەمەکە دەیبینێت و تۆماری دەکات. زۆرینەی خەڵک ئێستا حەز بە دەرخستنی ناوی خۆیان ناکەن، بۆیە لەبری کۆمێنت نوسین، کردارەکانی تر دەکەن. بۆ نموونە:
- پەنجە دەنێن بە وێنە یان ڤیدیۆکەدا بۆ ئەوەی گەورەی بکەن و بە تەواوی سەیری بکەن.
- پۆستەکە لەلای خۆیان پاشەکەوت دەکەن بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێنەوە سەری.
- پەنجە دەنێنە سەر ناوی پەڕەکەت یان پڕۆفایلەکەت بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنات ببن و سەیری پۆستەکانی ترت بکەن.
- ئەگەر نوسینەکەت درێژ بێت، پەنجە دەنێن بە دوگمەی (زیاتر بخوێنەوە) بۆ بینینی تەواوی دەقەکە.
بۆ نموونە، ئەگەر ئامارەکە پێت بڵێت هەزار جوڵەت هەیە، ڕەنگە تەنها پەنجا کەسیان ڵایک و کۆمێنتیان کردبێت، بەڵام نۆسەد و پەنجا کەسەکەی تر بە وردی سەیری وێنەکەیان کردووە و چوونەتە ناو پەڕەکەتەوە. تەنانەت زۆرجار سەدان کەس وێنەی کاڵا و کارەکانت گەورە دەکەن، دەیخوێننەوە، و بڕیاری کڕین دەدەن یان سەردانی شوێنەکەت دەکەن، بەبێ ئەوەی یەک ڵایکیش بکەن!
بۆیە دڵنیابە پۆستەکەت بە تەواوی گەیشتووەتە ئامانجەکەی و سەرنجی خەڵکێکی زۆری ڕاکێشاوە، تەنها جۆری مامەڵەی خەڵک لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕاوەو زیاتر بە بێدەنگی بەدواداچوون دەکەن.